
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو “باڵادەستییە” ئاسمانییەی لە جەنگی 12 رۆژی ئەم مانگەدا لەگەڵ ئێران هەیانبووە، دەیپارێزن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەڕەشە لە هیچ لایەکەوە قبووڵ ناکەن.
ئەمڕۆ هەینی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، داوای لە هێزی بەرگریی ئیسرائیل کردووە پلانێکی تایبەت بە ئێران ئامادە بکەن کە رێگە بە ئیسرائیل بدات “باڵادەستی ئاسمانی بهێڵێتەوە، رێگە بە بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی و دروستکردنی مووشەکی تاران نەدات و وەڵامی ئێرانیش بداتەوە لە پاڵپشتیکردنی” چالاکییەکانی دژی ئیسرائیل.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، “جاروبار هەنگاو دەنێین بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە هەڕەشانە” و دواتریش رووی دەمی دەکاتە بەرپرسانی باڵای ئێران و دەڵێت: “ئاگادار بن، ئۆپەراسیۆنی شێری هەستاوە تەنیا پیشاندانێکی سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بوو. لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ شت لە هیچ کەس قبووڵ ناکەین”.
(ئۆپەراسیۆنی شێری هەستاوە) ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە لە 13ی ئەم مانگە ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێکرد. لە رۆژانی کۆتایی جەنگەکەدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاند، ئاسمانی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیاندایە.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر رۆژی 13ی مانگ وەڵامی ئێرانی دایەوە و وەڵامدانەوەکەش بەردەوام بوو، بەڵام هێرشەکانی ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە بوون.
7ی ئۆکتۆبەریش ئاماژەیە بۆ ئەو رۆژەی تێیدا بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و بووە هۆی هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەردەوامە.