
میدیاکانی تورکیا دەڵێن، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆدەبنەوە و پڕۆسەی چارەسەری لە توركیا هەنگاوی بەرچاو دەنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆدەبنەوە و دوای کۆبوونەوەکەی لوتکەی ناتۆش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وتی، پێی وایە هەفتەی داهاتوو لە کۆبونەوەکەیان ئەنجامی باش بەدەست دەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هاوکارێک بۆ ئەو لیژنەیە دادەنێن کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، بە سەرکەوتوویی درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی دەدەن و باوەڕیان پێیەتی.
هەر لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیەوە، سەرچاوەکانی ناو دەم پارتی بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمڕاڵی لەگەل ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات و دەشڵێن، وێنەی گەریلاکانی پەکەکە لە رێیە کە چەکەکانیان دادەنێن و لە مانگی تەمموزدا وێنەکان بڵاودەکەنەوە.